لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەکی ئایینی، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ١٥ مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، ئەم سزایەش لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی بەم مامۆستا کوردە ڕاگەیەندراوە.
"مامۆستا سابیر خودامورادی، ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای ٧ مانگ بەندکردن، هەروەها ٧٢ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێنراوە". (ڕێکخراوی هەنگاو وادەڵێت)
هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ئەم مامۆستا کوردە دوو ساڵ پێش ئێستا، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەسەڵات و بەرگری لە ویستی خەڵک لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) لە وتارەکانی نوێژی هەینی، بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان بانگ کرابوو".