ڕۆژهەڵاتى کوردستان.. سزای ١٥ مانگ بەندکردن بەسەر مامۆستایەکى ئاینیی شارى سەقزدا سەپێنرا

بە گوێرەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی شاری سەقز بە تۆمەتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، سزای ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی گەڕەکی قەوەخی شاری سەقز، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان، سزای ١٥ مانگ بەندکردن و ٧٢ جار لێدانی قامچی بە سەردا سەپێنراوە و ئەم سزایە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی بەم مامۆستا کوردە ڕاگەیەنراوە".

پێشتریش ڕێکخراوى هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبو، دەزگای ئیتلاعاتی شاری سەقز، هەڕەشەی لە خودامورادی کردوە کە لە ئەگەری درێژەدان بە ڕەخنەکانی لە مزگەوتدا، سزای ناوبراو دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.

ئەم مامۆستا کوردە لە مانگی نیسان و شوباتی ساڵی ڕابردو، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژى حکومەت و بەرگری لە ویستی خەڵک لەناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە خوتبەکانی نوێژی هەینی، لە  دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان، دادگایی کرابو.



PM:09:12:30/08/2024