بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك ئاشكرایكرد، چەند جارێك هێرشمان كردوەتە سەر ئەو تانكەرانەی، كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەوتییان لەگەڵ داعش كردوە و ژمارەیەك تەنكەریان سوتاندووە.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، توانیویانە ژمارەیەك لەو تانكەرانە بسوتێنن كە بەهۆیانەوە چەند بەرپرسێك بازرگانییان لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی توندڕەوی داعش كردووە.
هاوكات داواشی لەو لیژنەیە كردووە، كە لە لایەن پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێكهێنراوە، ناوی بازرگانەكان ئاشكرا بكات. لەمبارەیەوە نووسیویەتی 'پێویستە ناوی ئەو هەلپەرستانە بڵاو بكەنەوە، تا متمانەی میللەت بە پەرلەمان و حكومەتەكەی مەزنتر بێت'.