بەرپرسێک لەبارەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی گۆڕان زانیاری نوێی ڕاگەیاند

سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی بەردەوامە". لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمەوە دەڵێت" پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگە ڕێچکەی یاسایی خۆی بگرێت و هەرێمی کوردستان نەکەوێتە فەراغی یاسایی و دەستورییەوە". 

یاسین حەمە عەلی سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی گۆڕان، ڕایگەیاند" ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەردەوامە کە لە ڕۆژی ٧ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت". 

وتیشی" هەر هەڵسوڕاوێک خۆی بە شایستە بزانێت و بۆ یەکێک لەم پۆستانە بێتە پێشەوە ڕکابەرییەکی تەندروست بۆ هەریەکێک لەو پۆستانە بکات مافی ئەوەی هەیە بەشداری پرۆسەکە بکات". 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، یاسین حەمە عەلی وتی" پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگە ڕێچکەی یاسایی خۆی بگرێت و گرنگە هەرێمی کوردستان نەکرێتە فەراغی یاسایی و دەستورییەوە کە بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو تێی کەوتووین، وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە پێشوازیمان لەو مەرسومانە کردووە کە سەرۆکی هەرێم دەریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەموو کەسێکیش دەزانێت چی لایەنێک لەمپەر بووە لە بەردەم ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، هیوادارین ئەم مۆدێلە کۆتایی بێت کە لە هەموو هەڵبژاردنێژکی پەرلەمانی کوردستان ئەمجۆرەی بەخۆوە بینیوە و چەند جارێک ناکۆکی و لەمپەریان دروستکردووە". 



PM:01:01:31/08/2024