وادەی یەکەم بارانی پاییزەی ئەمساڵ راگەیەنرا

شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە پلەکانی گەرما بە جێگری دەمێننەوە، بەڵام لە شەودا نزم دەبن، سەبارەت بە یەکەم بارانی پاییزەی ئەمساڵیش دەڵێت" بەگوێرەی پێشبینیەکان ھەفتەی داھاتوو لەنێوان ٧/٩ بۆ ١٠/٩ ئەگەری یەکەم بارانی ئەمساڵ ھەیە".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٤ لە هەژماری خۆی  بڵاویکردەوە" بەناوی خودای گەورە سبەی ١ی ٩ پایزی کەشناسی لەنیوە گۆی باکوری زەوی دەستپێدەکات کە لە ڕووانگە فەلەکیەکەوە وەرزی پایز لە ٢١/٩ دەستپێدەکات و لەوکاتەوە بەگشتی کەش و ھەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ماڵئاوایی لە وەرزی ھاوین دەکرێت ، سەبارەت بە پلەکانی گەرما بەدرێژای ئەم ھەفتەیە لە کاتەکانی رۆژدا لە ئاستێکی جێگیردا ئەمێنێتەوە، بەڵام لەشەواندا کەمێک نزمتر ئەبێتەوە بەڕاورد بە ماوەکانی ڕابردوو" .

ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت"  بەگوێرەی پێشبینیەکان ھەفتەی داھاتوو لەنێوان ٧/٩ بۆ ١٠/٩ ئەگەری یەکەم بارانی ئەمساڵ ھەیە بۆ سەر ناوچەکانمان کە ئەویش لە ئەنجامی دروستبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەکە لەسەر دەریای ناوەراست و ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەش و ھەوای وڵاتانی شام و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەبێت".

ئاراس جەبار راشیگەیاند"  ھاوکات جوڵەپێکردنی بارستە ھەوایەکی شێدار لە دەریای سوورەوە بۆ سەر بەرگەھەوای ناوچەکە ئەمەش ئەبێتە ھۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش کە لەو ماوەیەدا ناوبەناو ئەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و بارانی پچر پچری پایزەیی لە شوێن و کاتی جیاجیادا وە نزمبوونەوەیەکی کەمیش لە پلەی گەرمی" .





PM:07:01:31/08/2024