وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاکی داوای دوورخستنەوەی ژمارەیەک کاندید دەکەن

بەرپرسێک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاکی داوای دوورخرانەوەی ژمارەیەک کاندید کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تا کۆتایی هەفتە لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەند دەکرێن.

عیماد جەمیل  بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ٣١ی ئاب بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەئەگەرێکی زۆرەوە، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، لیستی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێن.

عیماد جەمیل وتیشی "ناوی بەربژێرەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و وردبینیان تیادا کراوە".

دەربارەی وادەی ڕاگەیاندنی ناوی کاندیدەکانیش ڕایگەیاند "تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی پەسەندکردنی ناوی بەربژێرەکانن، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، ناوی بەربژێرەکان پەسەند بکرێن".

عیماد جەمیل باسی لەوەشکرد، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاکییەوە، داوای دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەربژێر لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام بەشی یاسایی کۆمیسیۆن، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داواکارییانە دەکات، ئەگەر دەرکەوت بەڵگەکان تەواون و ئەو کەسانە سزادراون یاخود مەرجێک لە مەرجەکانی بەربژێربوونیان تیادا نەماوە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لە کێبڕکێکردن دووردەخرێنەوە.

بەگوێرەی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش، ١٦ی ئەیلوول، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات.




PM:09:41:31/08/2024