لە ماوەی یەک مانگدا ١٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداربوون

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی مانگی ئابی ئەمساڵدا ١٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداربوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٤دا، ١٥ کۆڵبەری کورد کوژراو و برینداربوون، کە ٪٨٥یان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنووری ئێران بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ١٥ کۆڵبەرە چواریان کوژراون و ١١یان برینداربوون، کۆڵبەرە کوژراوەکان خەڵکی مەریوان، رەبەت، مهاباد و سەردەشت بوون، سیانیان بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارەکان و دانەیەکیشیان بەهۆی کەوتنەوەخوارەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوانەشی برینداربوون ١٠ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنوور بریندارکراون و سێ کەسی دیکەیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوزدا بڵاوکراونەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بە گشتی  ٢٧٠ کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئورومیە، سنە و کرماشان بە هۆی تەقەی راستەوخۆ و بەفربارین و بەستەڵەک، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزی و حاڵەتەکانی دیکە کوژراون و برینداربوون.

لەو ژمارەیە ٣٤ کۆڵبەر کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەری دیکە برینداربوون ٨٢%یان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراون، ٢٠ کۆڵبەریان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

ئامارەکانی کوشتنی کۆڵبەرەکان بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگای کرماشان (کرماشان): هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە

پارێزگای کوردستان (سنە): ١٣ حاڵەت لەنێویاندا (٣ کوژراو و ١٠بریندار)

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئورومیە): ٢ حاڵەت (١ کوژراو و ١ بریندار)



PM:12:12:01/09/2024