جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو مووچە دابەش بکرێت و ئەگەر ئەوەش نەکرا، ئەوا مامۆستایان مافی خۆیانە بایکۆت ڕابگەیەنن و یەکێتیی مامۆستایانیش پشتگیرییان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند،"مامۆستایان مافی خۆیانە داوای مووچە بکەن، ساڵی ڕابردوو بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بۆ دەستپێکردن و شکاندنی بایکۆت لای مامۆستایان بووە و یەکێتییەکەشیان پشتگیرییان کردوون".
وتیشی" ئەگەر لە هەفتەیەکەدا مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت دابەش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی ناڕازی مافی خۆیانە بایکۆت بکەن، یەکێتیی مامۆستایانیش پشتگیرییان دەکات".
ئەم لێدوانەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ دەستپێکی مانگی ئەیلوولە، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.