لە قەزای کەلار و کفری دوو حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکران

تەندروستی گەرمیان لە هۆشدارییەکدا هاوڵاتییانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت" دوو حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراوە".

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە هۆشدارییەکدا ئاشكرایكرد" دوو حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا لە قەزای کەلار و کفری تۆماركراون". 

هەر لە هۆشدارییەکەدا تەندروستی گەرمیان داوا لە هاوڵاتییانی سنوورەکە دەکات کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، لەوانە (ڕاگرتنی پاک و خاوێنی کەسی، دڵنیابوونەوە لە پاکی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆ دوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانە پۆشراو). 

هەروەها داواش دەکات لە کاتی بوونی حاڵەتی سکچونی توند، سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

لە هۆشدارییەکەدا ئەوەش هاتووە" تیمەکانی تەندروستی بە بەردەوامی لە ئەرکدا دەبن‌ و پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو و شوێنکار و خواردنگە و جێگە گومانلێکراوەکان دەکەن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە".

هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی گەرمیان لە کاتێکدایە، ئه‌مڕۆ دژی پێنەدانی مووچەکانیان کە ماوەی زیاتر لە (٦٠) ڕۆژە دابەشنەکراوە، نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار بایكۆتکردنی ده‌وامیان ڕاگه‌یاند و نەچوونەوە سەر کارەکانیان. 



PM:01:57:01/09/2024