هەشت چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی شاری گیەڵان، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی لانیکەم ٨ چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گیەڵان بە ناوەکانی (محەممەد پەروین، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمید ڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان، عەلی فەرەج خانی و مستەفا ڕۆستەمی) و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستگیریان کردوون.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" هێزەکانی سوپای کرماشان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو چالاکوانانەیان دەستگیر کردووە".
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە لە هاوکارانی کەمپینی کۆکردنەوەی واژوو بە ناوی (ڕزگاری زاگرۆس) بوون و چالاکانە لە کونتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ماوەی ڕابردووی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بەشدارییان کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هەشت چالاکوانە مەدەنی و ژینگە پارێزانە نەزانراوە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بوارەدا بەبێ ئەنجام ماوەتەوە.