جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمشەو لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن، وتیشی چاوەڕاون دەکرێت لە دوای کۆبوونەوەکە هەواڵی خۆش رابگەیەندرێت
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئەیلول لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمشەو لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و وەزیرە کوردەکانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردەکان کاتژمێر هەشتی ئێوارە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی"لەدوای کۆبونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن و هەواڵی خۆشیان لەبارەی مووچە پێدەبێت بۆ فەرمانبەران".
ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەیان وەرنەگرتوە لە کاتێکدا لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩ کرا، مووچەخۆرانی هەرێم چارەنووسی مووچەی مانگی ٧یان دیار نییە.