سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکانی کەرکوک کۆدەبیتەوە

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکمانەکان و هاوپەیمانی سیادە کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای پارتی ڕاگەیاند"کۆبوونەوەکە لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا ئەنجامدراوە، هەر یەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و خالید مەفرەجی، گوتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و ڕاکان سەعید، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەشداربوون".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە"لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە کەرکووک کراوە، لەوانە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و بەشدارینەکردنی فراکسیۆنە سیاسییەکان لەم حکومەتەدا، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی سیادە. بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو".

پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا لە 10ـی ئابی ئەمساڵ بەبێ ئامادەبوونی پارتی و تورکمان و بەشێکی هاوپەیمانیی عەرەبی، کاردانەوەی ئەو لایەنانەی لێکەوتەوە، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا ئامادە نین بەشداری لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکەن.




PM:07:53:01/09/2024