ئەمشەو ١ی ئەیلوول لە بەغداد کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبونی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیرە کوردەکانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردەکان بەڕێوەچوو، دوابەدوای کۆبوونەوەکە فواد حسێن ڕایگەیاند"کێشەی مووچەی مانگی (٧) چارەسەر بوو".
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا وەکو جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بەشدار بوو، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، باسی ئەوە کرا چۆن چارەسەری مووچەی مانگی حەوت و هەشت و تا کۆتایی ئەم ساڵ بکرێت".
فوئاد حوسێن وتیشی "بڕیار درا بەوەی پەرلەمانتاران لە هەموو هێزەکانی کوردستان پێکەوە ئیش بکەن، پێکەوە پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، هەروەها وەزیرەکانیش دەوری خۆیان ببینن بۆ ئەوەی پرسی مووچەی مانگی حەوت و هەشت چارەسەربکرێت".
فوئاد حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێیانوایە مووچەی مانگی حەوت چارەسەر دەبێت و لەم رۆژانە دەدرێت، بۆ مانگی هەشتیش هەوڵ دەدەن کە لە ماوەی کورتی داهاتوو بتوان ئەویش چارەسەر بکەن".
ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەیان وەرنەگرتوە لە کاتێکدا لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٩ کرا، مووچەخۆرانی هەرێم چارەنووسی مووچەی مانگی ٧یان دیار نییە.