سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی حزبەكەی لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند" لە ژێر هیچ ناوێكدا رێگا بە جیاكاری و تاكڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادەین".
ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە هەولێر بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی حزبەكە كۆبوەوە و تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکە کرد.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاوی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرایەوە".
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی وتی" سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کۆبونەوەی سەرکردایەتی هەروا گفتوگۆی وردی دۆخی ئێستای کوردستانی کرد، بە تایبەتی دواکەوتنی مووچە کە کاریگەری زۆری کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، کۆبونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنە سەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە بۆ پابەندبون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا، هەروەها جەختی لە دابینکردنی کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیانە کردەوە بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەک بتوانێت بەرنامە و پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بە تایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە".
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند" لە رابردوودا هەنگاوی گەورە و كاریگەرمان ناوە، دڵنیام لە داهاتووشدا بە رۆحێكی كۆڵنەدەرانەی یەكێتییانە و كوردانەوە سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەین، هەولێر خاكی پیرۆزی كوردستانە و موڵكی هەموو ئەوانەیە كە بە دڵ كوردستانیان خۆشدەوێت نەك ئەوانەی لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی و كەسیدا بەكاریدەهێنن".