لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بۆ هەرێم بڕیار دەدرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" داوامان لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە بەنزین و نەوتی سپی بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت". 

بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ لە بەغداد لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ کۆبووینەوە، گفتوگۆمانکرد لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە نەوت و بەنزین لە هەرێمی کوردستان". 

بڕیار ڕەشید دەشڵێت" بۆ ئەمساڵیش جەختمانکردەوە لەوەی زستانێکی سارد لە ناوچە شاخاویەکان بەڕێوەیە، بۆیە داوامانکرد بڕی نەوتی سپی پێویست و بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ پارێزگاکانی کوردستان دابینبکرێت لە کاتی خۆیدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گفتوگۆیەکی زۆر بەڵێنیدا کە هەردوو داواکارییەکە بۆ نەوتی سپی و بەنزین بەنرخی پاڵپشتیکراو بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ داکۆکی لێ بکات بۆ پەسەندکردنی.

هەرچەندە حکومەتی فیدراڵ نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە ٣٠ هەزار دینار دەدات بە هاوڵاتییان، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەو نەوتەی ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەرمیلی بە ٥٠ هەزار دینار دەدا بە هاوڵاتییان. 



PM:09:06:02/09/2024