"تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٢٤ جار بۆردومانی هەرێمی کردووە"

کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەچڕی سنووری گوندێکی لە قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومانکرد. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمشەو دووشەممە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی سنووری گوندی کوێرەکانی لە سنووی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومانکرد.

لای خۆشیەوە کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە" ئەمشەو، سوپای تورکیا بەشێوەیەکی زنجیرەیی و لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، ٢٤ جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانی کرد". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی، چیای حەوت تەبەق و گوندەکانی کەفنە مژێ و سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارێ لە قەزای ئامێدی، چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان، چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمان، دەورووبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنوری قەزای پشدەر، هەواری ڕەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنوری قەزای ماوەت، بۆردومانکراون. 

کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە هێرشەکانی ئەمشەودا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی توركیاوە، تەنها ساڵی ڕابردوو ١٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە و ١٢ی دیكەش برینداربوون، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥شەوە نزیكەی ١٥٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٣٠ی کەسی دیكەش برینداربوون. 

هەر بەپێی ئاماری ئەو رێکخراوە، لە سەرەتای کانوونی دووەم تا کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ، تورکیا هەزار و ٧٦ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە بەهۆیەوە ١٦٢ گوند چۆڵکراون  و زیاتر لە ٦٠٢ گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.



PM:09:44:02/09/2024