لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٩٤ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون کە بەراورد بە مانگی پێشووتر ٣٩ حاڵەت زیادیکردووە و زۆرینەی سزادراوەکانیش کورد بوون.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراون کە ٢١٪ی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەو مانگەدا هاوڵاتییانی کورد بوون".
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ناسنامەی ٧٧ زیندانی بە تەواوەتی ئاشکراکراون، تائێستاش بە دواداچوون بۆ ١٧ زیندانییەکەی دیکە دەکرێت، هەروەها لەو ٩٤ بەندکراوەی لە مانگی ئابدا لەسێدارە دراون ١٢ بەندکراوی تورک، ٩ بەندکراوی ئایینی، ٢٠ بەندکراوی کورد، ٨ بەندکراوی لوڕ بوون.
ڕوونیشیکردەوە، هەر لەو مانگەدا ١٤ زیندانیکراوی ئەفغانی و هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری کەرکوک لە ئێران لە سێدارە دراون.
هەر بەپێی ئامارەکەی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، یەکێک لەو زیندانیانەی سزای لە سێدارەدانی جێبەجێکراوە رەزا ڕاسایی بوو کە کوردێکی یارسانی تەمەن ٣٥ ساڵ بووە و لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی)دا لە ئێران دەستگیرکرا بوو، بەڵام لەو مانگەدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان و منداڵان تۆمار نەکراوە.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕوونیشیکردەوە، لەو ژمارەیە ٤٩ حاڵەتییان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە سێدارە دراون، هاوکات یەک کەس کە زیندانی سیاسی بووە لەسێدارە دراوە و تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ٣٤ حاڵەت بووە و دەستدرێژی سێکسی-ش ٤ حاڵەت بووە و تۆمەتی نادیاریش ٥ حاڵەت بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی مانگی تەموزدا تەنها ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە درابوون، بەوپێیەش بێت ٣٩ حاڵەتی سزای سێدارە لە بەندینخانەکانی ئێران زیادیکردووە.