سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ڕایدەگەیەنێت" دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی بانکی هەرێمی کوردستان کردووە".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە پێنجەمین پێشانگا و کۆنفرانسی هایتێکس، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" لە ماوەی ڕابردوودا ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیمان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە بە ئامانجی هێنانە کایەی حکومەتێکی سەردەمییانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەندنی ئابووریمان، فراوانتر و خێراتر بکات".
وتیشی" دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی بانکی کردووە لە پێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووری دیجیتاڵی هاوچەرخ و بەهێز".
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند" سیستمی بانکی ئێستای هەرێمی کوردستان لە جاران بەهێزتر و کاراترە، ئیتر پێویست ناکات هەزاران فەرمانبەر لە سەرەدا بوەستن بۆ وەرگرتنی مووچە، بەرنامەشمان ئەوەیە لە ماوەى ساڵێکدا یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستمى بانکى تۆماربکرێن".
بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" تا ئێستا ٢٠٠ ئامێری ATM لە هەرێمی کوردستان دانراون، بەرنامەی ئێمەش دانانی هەزار ئامێرە لە سەرجەم ناوچەکان و شارەکانی هەرێم".
جەختیشیکردەوە، خزمەتگوزاری بانکی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا پێنج هێندە گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە.