١٢ گەنجی كورد بەبیانووی بانگەشەكردن بۆ ڕێكخراوی نایاسایی لە ئیستەنبوڵ دەستگیركران

میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردەوە ژمارەیەك گەنجی كورد لە ئیستانبوڵ دەستگیركراون بە تۆمەتی بانگەشە بۆ ڕێكخراوی نایاسایی، لەمبارەشەوە دەمپارتی رایگەیاند" بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی ١٢ گەنجی كورد هێرشی فاشیستانەیە" .

ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، بڵاویكردەوە" ١٢ گەنجی كورد دەستگیركراون لەدوای بەشداری كردنیان لە گردبونەوەیەك بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی لەناوچەی كادیكۆی ئیستانبوڵ، دوای لێكۆڵینەوە ئەو گەنجانە ڕەوانەی زیندان كراون."

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، لەدوای دەستبەسەركردنی ئەو گەنجانە، دادگا بە بیانوی بانگەشەكردن بۆ ڕێكخراوێكی نایاسایی فەرمانی دەستگیركردنی بۆدەركردون.

لای خۆیەوە، ئەنجومەنی گەنجانی دەمپارتی لەڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی ئەو گەنجانە هێرشێكی فاشیستانەیە و داوای ئازادكردنی ئەو كەسانەی كردوە.




PM:04:23:03/09/2024