نەرمین مەعروف: ڕێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکدەخرێت

پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەپێی ڕێکكەوتنێکی ١٥ خاڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکدەخرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئەیلوول کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان بەڕێوەچوو بە میوانداری سەرۆکی دەستەی گشتی باجەکان و سەرۆکی دەستەی گشتی گومرگ لە حکومەتی فیدڕاڵ.

ئەو ئەندامەی پەرەلەمان ڕاشیگەیاندووە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە بەدواداچوون بوو بۆ پلان و بەرنامەی کاری هەردوو دەستەی گشتی گومرگ و باجەکان لە کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٤دا.

نەرمین مەعروف ئاشکراشیکرد، کە بەپێی ڕێکكەوتنێکی ١٥ خاڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەر دو حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکدەخرێت و بەپێی ئەو ڕێکكەوتنە لە ئەمڕۆوە هەرێمی کوردستان ٥٠٪ داهاتی باج دەداتە حکومەتی فیدڕاڵ.

جەختیشی كردۆتەوە، هەربەپێی ڕێکكەوتنە هاوبەشەکە هەردوو حکومەت بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی سەر کۆمپانیاکان، کە چالاکییان هەیە لە شارەکانی هەرێم و دەرەوەی هەرێم پەسەند دەکەن و ئەوەش کۆتایی دێنێت بە کێشەی جیاوازی باج




PM:07:23:03/09/2024