سوپای تورکیا سنوری برادۆستی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆپباران کرد و هاوڵاتییەک لە ئەنجامی بۆردومانەکە گیانی لەدەستدا.
کامەران عوسمان بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئەیلوول ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ٤:١٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا لە گوندی مێرگە حەوش لە کوێستانی سنین لە قەزای سیدەکان، هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە.
دەشڵێت"هاووڵاتییەکە ناوی بەدیع کەمال محەمەدە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ـە و خێزاندار نییە."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ١٢ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا. بەشێوەیەک، ١٠ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢ هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون، بە گوێرەی زانیارییەکان پینج کەس لە قوربانییەکانی ئەمساڵ، لە سنوری قەزای سیدەکانن.