لەبارەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەرچوانی دانەمەزراو هۆشداری دەدەن

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ژمارەیەک لە دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە بەردەم زانکۆی سلێمانی  گردبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کرد.

لەنجە ڕەحمان نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراو، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی (سپی) ئامادەی بوو ڕایگەیاند" چەند مانگێک پێش ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای ناو و داتای دەرچووە سێ یەکەمەکانی هەرێم کرد لە ساڵەکانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٣، بە مەبەستی دامەزراندنی و گەیشتن بە مافی زەوتکراوی خۆمان، بەڵام دوای تێپەربوونی چوار مانگ بەسەر نووسراوی سەرۆکی حکومەت و ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری ماوەیەکی زۆرە تەواو بووە، هەرجارەی بە بیانوویەک داواکارییەکانمان دوادەکەوێت لە وەزارەت و ڕەوانەکردنی بۆ بەغداد". 

وتیشی" ڕۆژانە سەرنجی دانانی گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگا دەدەین، لەکاتێکدا توێژەکەمان پشتگوێ دەخرێت، هەرچەندە دامەزراوە حکومییەکان پێویستیان بە لێهاتوویی ئێمە هەیە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە زیاتر لە ١٢ هەزار دەرچووی سێ سەنتەری سەرەکی هەرێمی کوردستان هەبووە و تا ئێستا هیچیان دانەمەزراون. 

لە کۆتاییدا لەنجە ڕەحمان وتی" ئێمە تەنها یەک هەفتە مۆڵەت بە حکومەت دەدەین بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانمان، ئەگەر ئەمە بەدی نەهات، پەنا بۆ هەموو ئامرازە مەدەنییەکان دەبەین بۆ داوای مافە ڕەواکانمان، هەروەها خۆپیشاندان لەسەر ئاستی هەرێم ڕێکدەخەین". 

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



PM:01:47:04/09/2024