ناسنامەى دوو لە قوربانییەکان ئاشکراکرا کە لە بۆردوومانەکەى خەلەکان گیانیان لەدەستدا (نوێکراوەتەوە)

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤، بەهۆی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی قەزای دوکان سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو کەسیان باوک و کوڕێک بوون. 

سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دوکان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" کەمێک پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا لاندکروزەر) کە ژمارەی سلێمانی بووە، لە شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان لە نزیک گوندی مێرگە پاشا بۆردومانکرا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا سێ هاوڵاتی کە سەرجەمیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون لە ئەنجامی بۆردومانەکە گیانیان لەدەستداوە و هەرسێکیشیان لە ڕەگەزی (نێرن). 

لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکان سیروان سەرحەد بە ماڵپەڕی (سپی) وت" تائێستا تەنها ناسنامەی دوو لە قوربانییەکان زانراوە کە بریتین لە (باوک و کوڕێک) و خەڵکی ناو دەشتی قەزای ڕانییەن، بەڵام تائێستا سێیەم قوربانی ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، سەرجەم قوربانییەکانیش لە ئەنجامی بۆردومانەکە تەرمەکانیان سووتاون". 

وەک هەموو بۆردومانەکانی دیکەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ڕێگەی (خەلەکان - دوکان) لە ڕێگەی درۆنی تورکییەوە ئەنجام درابێت، بەڵام تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاستیان نەکردوەتەوە. 

تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ دوای ڕوودانی ڕووداوەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لەوێش توانیویانە ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵبکەن کە لە ئەنجامی بۆردومانەکە کەوتووەتەوە.

هەروەها تا ئێستا هۆکارەکانی ئەم هێرشە نادیارە، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە.  

لەم لینکەوە ڤیدیۆی بۆردومانەکە ببینە



PM:02:02:04/09/2024