لەبارەی قوربانییانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی خەلەکان زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانی ئەمڕۆی ناحییەی خەلەکان زانیاری نوێی ڕاگەیاند و دەڵێت" قوربانییەکان خەڵکی سنووری قەزای پشدەرن و سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن". 

کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" سەرجەم ئەو کەسانەى بەهۆی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە ناحیەی خەلەکان گیانیان لەدەستدا باوکێک و دوو کوڕن". 

لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکان کامەران عوسمان دەڵێت" ناوی باوکەکە موزەفەر حوسێن خدرە و کوڕێکی ناوی محەمەد موزەفەر حوسێە، بەڵام تائێستا ناوی کوڕەکەی دیکە و تەمەنیان نەزانراوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی سنوری ناحیەی سەنگەسەرن لە قەزای پشدەر.

بڵاوکراوەکەی کامەران مەلا عوسمان لە کاتێکدایە، کاتژمێر (١:٢٥) خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نزیک ناحیەی خەلەکان، لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کە ژمارەکەی سلێمانی بووە کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.



PM:04:04:04/09/2024