لایەنە کوردییەکانی بەغداد لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی ئەو تێبینیانەی ھەن چارەسەر بکرێن و لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین". 

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە" ئێمە بابەتێکمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان و وەزیرە کوردەکان و سەرۆک کۆماری عێراق و فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دوو مەبەست کۆببنەوە، یەکەم شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، دووەمیش چەند پرسێکی دیکە باس بکرێت، بۆیە کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا، لەبەر ئەوەی دوو مانگ بوو فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتبوو کە ئەمە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لەبەر ئەوە بڕیار درا نابێت ھیچ بیانووەک ببێتە ھۆی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێویستە هەموو مانگێك مووچەكانیان خەرج بکرێت، ئەو تێبینیانەشی کە ھەن بچووکن و ناکرێت ببنە ھۆی ئەوەی مووچە ڕابگیرێت". 

شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی" بڕیارە ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کۆببینەوە و خاڵەکانی پێشتر لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆی لەسەرکراوە، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى پەروەردەی کەرکوکیش کە سەر بە ھەرێمی کوردستانن و مووچە لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەوانە دوو مووچە وەرناگرن، یەکێک لە ھەرێم بێت و یەکێک لە بەغدا، لەبەر ئەوەی لە ساڵانى پێشوو زۆر ھەوڵدرا ئەوانەش بۆ مووچە وەرگرتن بکەونە سەر عێراق، بەڵام ھەر ئەوان ئەوەیان قەبوڵ نەکردووە، بۆیە ئەمە ناکرێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت".

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە وەزارەتی دارایی ئەوە چارەسەر بکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەمان کردووە کە حکومەتی ھەرێم لیستێکی ناوی ئەو فەرمانبەرانەمان بۆ ڕەوانە بکات، کە دەکەونە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە ناوی چواری تێدابێت و تێبینییەکانیش باس بکەن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت.

ناوبراو وتیشى" لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین لەبارەی بابەتی بایۆمەتری، ئەو کەسانەشی کە تاوەکو ئێستا بایۆمەتریان نەکردووە مانای ئەوە نییە بوونیان نییە، بۆیە پڕۆسەی بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەشی کە ماون نزیکەی ١٠٠ ھەزار فەرمانبەر دەبن، پێموایە ئەوانیش تا نزیکەی دوو مانگی دیکە تەواو دەبن". 



PM:05:44:04/09/2024