کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: زیاتر لە ٢١٤ هەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە

زیاتر لە ٢١٤ هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە رێژەی ٧.٣%ـی کۆی دەنگدەران، و وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" کۆمیسیۆن دەستی بە راهێنانی کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە نزیکەی ٤١ هەزار کارمەند دەبن".

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند " وەکو بەشێک لە پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان هەبێت، تاوەکو بتوانن دەنگ بدەن، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو کارتانەی بایۆمەتری کە ماون دابەشیان بکەین، کە ژمارەیان ٢١٤ هەزار و ١١٢ کارت دەبێت و لە ١٧٣ بنکەی تۆمارکردنن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، رێژەی ٧.٣%ـی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن، ئەوانەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە.
 
"تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، لە کۆی دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ دەنگدەر کە تۆماری بایۆمەترییان بۆکراوە، دوو ملیۆن و ٦٨٥ هەزار و ٤٦٦ دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، ناویان بەسەر شەش هەزار و ٣١٨ وێستگەی دەنگدانی هەزار و ٢٦٦ بنکەی دەنگدانی گشتی و ٧٤٩ وێستگەی دەنگدانی تایبەتی سەر بە ١٦٥ بنکەی دەنگدانی تایبەت دابەشبوون."( وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وای وت).
 
جومانە غەڵای وتیشی" بەهۆکاری یاسایی و هونەری، ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن بڕیاری دا دەرگەی کشانەوەی بەربژێران نەکرێتەوە، چونکە کۆمیسیۆن لەڕێگەی هۆبەی بەربژێران و فەرمانگەی یاسایی کار لەسەر تەواوکردنی پێداویستییەکانی بەشداریی بەربژێران لە هەڵبژاردن دەکات و ئێستا وردبینی لە داتا و زانیارییەکانی بەربژێران دەکات، کە ژمارەیان هەزار و ١٩٢ بەربژێرن، دوای گەڕانەوەی ناوەکانیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە."
 
سەبارەت بەو بەربژێرانەی کە پێشێلکاری و سەرپێچی دەکەن جومانە غەڵای رایگەیاند" کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەی بۆ بەدواداچوونی پێشێلکاری و سەرپێچی بەربژێران پێکهێناوە، و رێککاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەگرینەبەر."

 جەختی لەوەشکردەوە کە کۆمیسیۆن دەستی بە راهێنانی کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە نزیکەی ٤١ هەزار کارمەند دەبن.
 
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەبچێت. 
 




AM:09:20:05/09/2024