بەپێی ئەوەی میدیایی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئاب پێکهاتووە.
میدیای یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەک لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە" پارەی مووچە لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی بەردەواممان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەیە و تێبینییەکانمان بە ڕاپۆرت داوەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان تاوەکو بۆ مووچەی مانگی ئاب چارەسەریان بکەن.
لەبارەی تێبینییەکانەوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە وەزارەتی دارایی ئەوەی لەسەری پێویست بێت جێبەجێی دەکات و تێبینیەکانی بەغدا لەبەرچاو دەگرێت.
ڕاشیگەیاندووە" بەشێک لە تێبینییەکان پەیوەندیان بەلیستی مووچەی هێزەئەمنییەکان و نەبوونی بایۆمەتری هێزەکانی پێشمەرگەوە هەیە، لەمبارەیەوە تێبینییەکان دراونەتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بۆ مووچەی مانگی ئاب یەکلاییبکەنەوە".
هاوکات ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەموز بوو پاش ئەوەی بڕی ٨٥٧ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا.