وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایدەگەیەنێت" ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین دەستیپێکردووە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە ئامادەبوون کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین بەڕێوەچوو".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە تاوەکو بەمنزیکانە و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێم بکرێت.".
هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنیەتی داشکاندنی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا وەفدێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێم لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەندداری دیکە.