سی پی تی: یەكێك لە قوربانییەكانی هێرشەکەی ئەمڕۆی توركیا منداڵێكە و كانۆلای لەدەستدایە

ئەندامێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانی ئەمڕۆی سنووری قەزای چوارتا ڕایدەگەیەنێت" یەكێك لە قوربانییەكان منداڵێكە و كانۆلای لەدەستدا بووە". 

کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" کاتژمێر (١:٤٠) خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، لە نزیک گوندی هەرمێلەی ناحیەی زەلان سەر بە قەزای چوارتا، بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا ژمارە سلێمانی کرد". 

ئەندامەکەی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، لە زیانە گیانییەکانی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا، دەڵێت" لە ڕووداوەکەدا سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە کە یەکێک لە هاوڵاتییەکان دانیشتووی گوندی چەمەکە لە ناحیەی زەلان". 

سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکانی دیکە، کامەران عوسمان ئاماژە بەوەدەکات، یەکێکی تر لە قوربانییەکان، منداڵێکە و کانۆلای لە دەستدابووە، هەروەها قوربانی سێیەم، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوتاوییەکەی، دەموچاوی شێواوە و نەتوانراوە بناسرێتەوە.

بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە (٢٣) هاوڵاتی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم گیانیان لەدەستداوە و (١٧) کەسی دیکەش برینداربوون. 



PM:04:05:05/09/2024