"کوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی لەلایەن درۆن و فڕۆکەوە، خەریکە دەبێتە دیاردە"

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بۆردومانکردن و وێرانکردنی گوند و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن درۆن و فڕۆکەوە، خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی رۆژانە". 

محه‌مه‌د حه‌كیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لەبارەى بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بۆردومانکردن و وێرانکردنی گوند و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن درۆن و فڕۆکەوە، بەداخەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی رۆژانە". 

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری دەشڵێت" ئەم دەستدرێژی و بەقوربانیکردنەی خەڵکە بێتاوانەکەی هەرێم، لە سایەی بێدەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و بێدەنگی حکومەتی عێراق بەڕێوەدەچێت و ئەرکی هەردوو حکومەتە کە هەنگاوەکانی کوتایی هێنان بەم دۆخە بگرنەبەر و ئەوان بەرپرسیارن لە پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان". 

هەروەها محەمەد حەکیم ڕاشیگەیاندووە" نابێ هیچ هێزێکی سیاسی پاساو بداتە وڵاتانی دراوسێ بە بۆردومانکردن و کوشتنی بە ناحەقی هاوڵاتیانی هەرێم و ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە توندی ئەو دەستدێژی و تاوانانە مەحکوم دەکەین". 



AM:08:56:06/09/2024