"ئاسایشی سلێمانی چالاكوانێكی سیاسی کورد رادەستی ئێران دەكەنەوە"

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، هەفتەی ڕابردوو چالاکوانێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، دوای ئەشکەنجەدانێکی توند ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردۆتەوە". 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، بێهزاد خەسرەویی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزیان دەستگیرکردووە و دوای ئەشکەنجەدانێکی توند ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووەتەوە". 

ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت" ڕۆژی یەکشەممە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ فەرمانگەی ئیتلاعاتی شاری سنە پەیوەندییان بە برای بێهزاد خەسرەوی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە براکەی لەو ناوەندە دەستبەسەرە". 

هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، دایک و خوشکی بێهزاد خەسرەوی بە ناوەکانی حەدیقە حوسەینی و بێگەرد خەسرەوی لەلایەن ئاسایشی شاری سلێمانیەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە بێهزاد وێنەی ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە بۆیە دەستبەسەرکراوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە ئاسایشی سلێمانی گوشارەكانی لەسەر خانەوادەی بەهزاد خوسرەوی زیادكردوون و بە دایك و خوشكەكەی بەهزادیان وتوە لە ماوەی ١٠ رۆژدا سنوری سلێمانی جێبهێڵن كە ئەوانیش هەردوكیان ئەندامی حزبی دیموكراتن و بەڕەسمی پەنابەریی تۆماركراوی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانن.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی رێكخراوی هەنگاو، بەهزاد خوسرەوی چالاكوانێكی سیاسی کوردی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەڕەسمی وەك پەناخواز لە كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان تۆماركراوە.



PM:12:24:06/09/2024