پارتی ئازادی کوردستان سەبارەت بە ڕاگوێزانی زۆرەملێی دانیشتوانی کەمپەکانی لایەنەکانی کۆمەڵە ڕایدەگەیەنێت" وێڕای مەحکومکردنی ئەو کردەوەیە، داوا لە ئیدارەی سلێمانی و سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی دەکەین ئەو ڕاگوێزانە ڕابگیرێت".
پارتی ئازادی کوردستان، لەبارەی گواستنەوەی کەمپەکانی لایەنەکانی کۆمەڵە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" پێشنیوەڕۆی دوێنێ پێنج شەممە کاربەدەستانی ئیدارەی سلێمانی، هەرسێ لایەنی کۆمەڵەیان ناچار کرد مل بە بڕیاری چۆڵکردنی کەمپە لە مێژینەکانیان بدەن و ڕاگوێزانی زۆرە ملێی پێشمەرگە و ماڵ و خێزانەکانی دانیشتووی ئەو کەمپانەیان بەسەردا سەپاندن، ئەو ڕووداوە وەبیرهێنەرەوەی پەلامارەکانی نوامبر و دیسامبری ساڵی ١٩٩٦ی سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان و داگیرکردن و بارکردن و دەرکردنی خاو و خێزانەکانمانە".
دەشڵێن" چۆڵکردنی ئەو کەمپانە و تەرحیلی دانیشتوانەکانیان بەشێکن لە پیلانگێڕییەکانی تاران دژی بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنکۆڵکردنی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە لای ڕۆژهەڵاتییەکان و لێکدابڕانی ڕۆحیی نەتەوەیی کوردستانیی کە بەغدا بەرفەرمانی بۆ کردووە و ئیدارەی سلێمانی جێبەجێی دەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" پارتی ئازادی کوردستان بە باشی لە دۆخی هەرێمی کوردستان لە ژێر گوشارەکانی تاران و بەغدا و قەیران خوڵقێنییەکانیان بۆی، تێدەگا و هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕەچاوکردنی ئەو دۆخە بە بەرپرسانە دادەنێ، بەڵام هەرگیز نەدەبوو ئاستی چوونە بن باری پیلانگێڕی و گوشارەکانی تاران و بەغدا بگاتە ڕادەیەک کە ئیدارەی سلێمانی دەست بۆ ڕاگوێزانی زۆرە ملیی ماڵ و حاڵی پێشمەرگە و خاو و خێزانەکانیان ببات و برینێکی وەها لەسەر دڵی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات و ئەو پەڵە مێژووییەش بۆ خۆی تۆمار بکات".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پارتی ئازادی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی ئەو کردەوەیە، هێمای بۆ ئەوەشکردووە" پێویستە ئیدارەی سلێمانی و سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو ڕاگوێزانە ڕابگرن و هەر جۆرە گوشارێکی دیکە بۆ سەر پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگە و خاو و خێزانەکانیان بەربەست بکرێت".
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ماڵپەڕی (سپی) وەک یەکەم ماڵپەڕ بڵاویکردەوە کە وەفدێکی ئاسایش سەردانی بارەگاکانی کۆمەڵەی کردووە و لە ڕێگای نامەیەکی فەرمییەوە داوایان لێکردوون کە تا ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ سەرجەم بارەگاکانیان لە زڕگوێز چۆڵبکەن.