ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی باج ڕادەستی
حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت" لەرۆژى ٣ى ئەیلوول هەرێمی کوردستان لە ٥٠%ـى
داهاتى باج دەداتە حکومەتى عێراق".
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" کۆبوونەوەى لیژنەی دارایی
ئەنجومەنی نوێنەران بە میوانداری سەرۆکی دەستەی گشتی باجەکان و سەرۆکی دەستەی گشتی
گومرگ لە حکومەتی عێراق ئەنجامدرا و ئامانج لە کۆبوونەوەکە، کۆکردنەوەی داهاتە
نانەوتییەکان بوو لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی ئەمساڵ".
وتیشى" سەرۆکی دەستەی باجەکان ئاشکرایکرد بەگوێرەى رێکكەوتنێکی
پانزە خاڵی لە هەرێم و عێراق رێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەردوو حکومەتی هەرێمى
كوردستان و عێراق یەکدەخرێت و لەرۆژى ٣ى ئەیلوول هەرێمی کوردستان لە ٥٠%ـى داهاتى
باج دەداتە حکومەتى عێراق".
نەرمین مەعروف ڕاشیگەیاند" هەر بەگوێرەى رێکكەوتنەکە هەردوو
حکومەت بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی سەر کۆمپانیاکان، کە چالاکییان هەیە لە شارەکانی
هەرێمى کوردستان و دەرەوەی هەرێم پەسەند دەکەن و ئەوەش کۆتایی دێنێت بە کێشەی
دووفاقى لە وەرگرتنى باجدا و هەر کۆمپانیایەک بەگوێرەى چالاکییەکانى باجى لێ
وەردەگیرێت".
پێشتر عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندبوو کە" تا ئێستا
هەرێمی کوردستان داهاتی ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکردووە".