نوێترین زانیاری لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ راگەیەنرا

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند" لیژنەیەکی تایبەت وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژان دەکەن".

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی پارتی ڕایگەیاند" لیژنەیەکی تایبەت بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت وردبینی لە لیستی وانەبێژان دەکەن".

" ئەو لیژنەیە لە دوێنێوە دەستیان بەکار کردووە و ئەمڕۆ هەینیش بەردەوامن، چونکە ئەو ڕۆژەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاریدا مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، دەبێت لە ماوەی ٣٠  ڕۆژدا کارەکانیان تەواو بێت. بۆیە ئەو لیژنەیە بەردەوام دەبن لەکارەکانیان تاوەکو وردبینیەکە تەواو دەکەن".( وەزیری پەروەردە وتی).

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر مامۆستایەکی وانەبێژ دەبێت ناوی لەسستەم هەبێت و لە خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەردەوام بووبێت، دەشڵێت هیچ کەسێک زیاد ناکرێت بۆ سیستەم، بەڵام لەگەڵ نوێنەرانی وانەبێژانیش وسەمان کردووە دوو تا سێ دامەزراوەی نوێمان هەیە، کە پەیمانگەیەکی پیشەیی سیستەمی ئینگلیزی لە کفری دەکەینەوە، کە خۆمان داوای ١٠ مامۆستای دەرچووی زمانی ئینگلیزیمان کردووە".

ئالان حەمەسەعید راشیگەیاند" پەیمانگەیەکی پیشەیی لە سلێمانی دەکەینەوە، کە لەوێش ١٠ مامۆستا وەردەگرین کە هەموویان هەڵسەنگاندیان بۆ کراوە، هەروەها ئەوناوانەی بەردەوام بوون لە ناوەندەکانی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تەنیا ئەوانەن کە وردبینیان بۆ دەکرێت".

لە بارەی ئەوانەی وانەبێژ بوونە و دواتر وازیان هێناوە، ڕوونی کردەوە، لیستێکمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئیمزای بکەین، کە لیستی ئەو وانەبێژانەیە لە ساڵانی ڕابردوودا خزمەتیان کردووە و دواتر بەهەر هۆکارێک بێت وازیان هێناوە.




PM:06:43:06/09/2024