حزبی دیموکرات: بێهزاد خوسرەوى رادەستکراوەتەوە

حزبى دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت" بێهزاد خوسرەوی لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوەتەوە"، ئەمەش لە وەڵامی ڕوونکردنەوەیەکی دەزگاى ئاسایشى هەرێم دێت کە شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو" بێهزاد لەسەر داواى خۆى گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران". 

حزبی دیموکراتی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لەبارەی هەواڵی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بێهزاد خوسرەوی خەڵکی سەقز، ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێم لەم شارە دوو جار بانگکراوە و جاری دووەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە". 

دەشڵێت" لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە، پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم بووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. هەروەها ماوەی ٧ ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی دایک و خوشکی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت". 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وێڕایی مەحکومکردنی ئەو ئەندامەیان بە ئێران ڕایدەگەنێت کە" دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسی دژ بەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرابا، بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین". 

شەوی ڕابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەکردبوو کە بێهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون دەستگیرکراوە و کەیسەکەی پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە نییە. 

وتیشی" دوای دەستگیرکردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خەسرەوی )داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە".

بەهزاد خوسرەوی چالاكوانێكی سیاسی کوردی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە. 



AM:11:37:07/09/2024