وتەبێژی ئەپیکۆر ئاشکرای دەکات زیانەکانی لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا لە ٢٠ ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە، و دەڵێت" حکومەتی عێراق هیچ دەسپێشخەرییەکی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە ".
مایڵز كاگینز وتەبێژی ئەپیكۆر، لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی یەکێتی رایگەیاند "بۆ کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کۆمەڵەکەیان ئاگادارنەکراوەتەوە".
مایڵز كاگینز جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق هیچ دەسپێشخەرییەکی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە "ئاڵۆز"، ناوبرد.
لەبارەی زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم رایگەیاند" لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا لە ٢٠ ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە".
وتەبێژی ئەپیكۆر وتیشی" توركیا رایگەیاندوە كە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیەو لە هەمانكاتیشدا حكومەتی هەرێمیش رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە، هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە چانسێكە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا زیاد بكات".
مایڵز كاگینز راشیگەیاند" كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەچەند مەرجێك ئەوانیش رێككەوتنێک بکرێت و تێچووی هەناردەی پێشو و ئێستا و داهاتووش مسۆگەر بكات، پارەپێدان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بێت، هەروەها رەچاوی مەرجە بازرگانییەكانیشی تێدا بكرێت، رێككەوتنێكی لەمجۆرە پێویستی بە دەستكارییكردنی گرێبەستەكان هەیە".
ئەپیکۆر کە لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی بواری نەوت پێکدێت ٦٠%ـی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە بەرهەمدەهێنێت.