یەکێک لە پارێزەرانی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت" لە ئێستادا دادگای تەمیزی هەرێم لەسەر تەمیزکردنەوەی دۆسییەی سلێمان ئەحمەد بڕیار دەدات".
نەریمان ئەحمەد یەکێک لە پارێزەرانی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئێستادا دۆسییەی سلێمان ئەحمەد لە دادگای تەمیزی هەرێمە و بڕیاری لەسەر دەدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی سزادانی سلێمان ئەحمەد بەڵگەی تەواو نەبوو لە دژی و بڕیاری زیندانیکردنی درا بۆ ماوەی سێ ساڵ.
نەریمان ئەحمەد ڕاشیگەیاندووە" با هەموومان فشار دروست بکەین تا دادگای تەمیز بڕیاری دادگای تاوانەکانی یەکی دهۆک بکات و ئەو ستەمە نەهێڵێت و شکۆ بگێڕنەوە بۆ بواری دادوەری، هەر بۆیە داواکارم لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لایەنی پەیوەندیدار بەم بوارە هەڵوێستی جدی نیشان بدەن".
ڕۆژی ٢٩ی تەموزی ئەمساڵ لەلایەن دادگای دهۆکەوە سزای سێ ساڵ زیندانیکردن بەسەر سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنوس و هەواڵسازی ماڵپەڕی (ڕۆژ نیوزدا) سەپێندرا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە دەروازەی فیشخابور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.