بێهزاد خوسرەوی چالاكوانی سیاسی کوردی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، دوای ڕادەستکردنەوەی بۆ یەکەمجار لە شاری سەقزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" خۆم تەسلیمی ئێران بوومەوە". لە کاتێکدا سەرچاوەیەک لە حزبی دیموکرات بە (سپی) ڕاگەیاندووە" بێهزاد دۆخی خراپە و ڤیدیۆکەشی لە ژێر سەرپەرشتی فشاری ئیتڵاعات کردووە".
بێهزاد خوسرەوەی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی پەیامێکی کورتی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ەوە لە کۆمپانیای سەفرە کارم کردووە، دواتر ئاسایش دەستگیریانکردم".
دەشڵێت" حزبی دیموکرات هیچ پشتیوانییەکی نەکردم و دواتر من خۆم تەسلیمی ئێران بوومەوە کە لە ئێستادا حاڵم لە ئێران باشە و ئەمەش پەیجە نوێکەمە".
لای خۆشییەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حزبى دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئەو ڤیدیۆیەی بێهزاد خوسرەوەی بڵاوکراوەتەوە سیناریۆی ئیتڵاعاتە و دروستیانکردووە".
سەبارەت بە دۆخی بێهزاد خوسرەوەی سەرچاوەکەی دیموکرات بە (سپی) وت" بێهزاد دۆخی خراپە و ئەو ڤیدیۆیەشی کە بڵاوکردوەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی فشاری ئیتڵاعات کراوە، بەگشتی بۆ فریودانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانە".
بۆ بینینی ڤیدیۆکە جۆینی تەلەگرامی ماڵپەڕی (سپی) بکە
ئەم پەیامەی بێهزاد خوسرەوەی لە کاتێکدایە، شەوی هەینی ڕابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەکردبوو کە بێهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون دەستگیرکراوە و کەیسەکەی پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە نییە.
وتیشی" دوای دەستگیرکردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خەسرەوی )داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە"، بەڵام لای خۆیەوە حزبى دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونکردنەوەکەی ئاسایی هەرێمی ڕەتکردەوە و وتی" بێهزاد خوسرەوی لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوەتەوە".