ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا سێ کاندید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك دووربخاتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەریەک لە شڤان سەعید کاندیدی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بازنەی دهۆک و شێروان شێروانی سەرۆکی لیستی ڕەوتی هەڵوێست لە بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووردەخرێنەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی عێراق، جەعفەر عوسمان عەبدوڵڵا ڕەشید لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی، بەهۆی سەرپێچیكردنی مەرجەكانی خۆكاندیدكردنەوە، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دووردەخرێتەوە.
هەروەها کۆمسیۆنی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنە سیاسییەكانیان دەکات كە لە ماوەی سێ ڕۆژدا كاندیدی بەدیل پێشکەش بە كۆمسیۆن بكەن.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە بۆ پارێزگای سلێمانى (٣٨) کورسی، هەولێر (٣٤) کورسی، دهۆک (٢٥) کورسی و هەڵەبجە (٣) کورسی دیاریکراوە، هەروەها بۆ هەولێر و سلێمانى (٢) کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان تەرخانکراوە و لە دهۆکیش (١) کورسی بۆ کۆتاى ئەرمەنە.