لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و لە درێژەی شەپۆلی دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پێنج هاوڵاتی خەڵکی شاری دیواندەرە دەستگیرکران.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری دیواندەرە شەپۆلێکی دەستگیرکردنی هاوڵاتییانیان دەستپێکردووە و تا ئێستا ناسناوی چوار لەو هاوڵاتییانە بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی تەمەن ٣٩ ساڵ و نەوید شەریفی کە هەردوویان خەڵکی گوندی کانی سپی، فەرهاد قەمەری خەڵکی گوندی کوتەک و فواد مورادی خەڵکی گوندی کێلەکەوە پشتڕاستکراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاو ڕاگەیاندووە" ئەو چوار هاوڵاتییە بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و بە توندوتیژییەکی زۆرەوە دەستگیرکراون و ماڵەکانیشیان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە پشکێنراوە".
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" هەر ئەمڕۆ لە دیواندەرە هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیانکردووەتە سەر ماڵی فواد مورادی لە گوندی کێلەکەوە و ناوبراویان دەستگیرکردووە".
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو پێنج هاوڵاتییە نەزانراوە.