ئەمڕۆ یەک شەممە کە کۆبوونەوەی وەفدی باڵای دارایی و ئابوری عێراق لە گەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی هەرێم بەڕێوەچوو، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت" گفتوگۆكان هەلێكی مێژووین بۆ گەیشتن بە چارەسەر".
لە راگەیاندنێکدا کە ئەمشەو ٨ ی ئەیلول بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، " گفتوگۆكان هەلێكی مێژووین بۆ گەیشتن بە چارەسەر و رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی دادپەروەرانە بۆ دابەشكردنی داهات و نەوت و خاڵە سنوورییەكان كە دەبێتە هۆی سەقامگیریی ئابوری".
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە" کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەی دۆسیە داراییە هاوبەشەکانیان کرد".
" گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەوڵە حکومییەکان بوو بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیە داراییەکانی وەک، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگ و باج، کە گرنگترین دۆسیەن و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری ئابووری عێراق هەیە".( لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە).
لە کۆبوونەوەکە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە دەبنە هەلێکی مێژوویی لە بەرژەوەندیی دارایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان، جەخت لە گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگی دارایی نێوان هەردوولا دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان.
تەیف سامی وتیشی، "رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەر بۆ دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان هاوکار دەبێت لە پتەوکردنی متمانە و سەقامگیریی ئابووریی عێراق."