وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەفدی بەغدا ئەرێنی بووەو، سبەی کۆبوونەوەی یەکلایی ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمشەو ٨ ی ئەیلول بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت " كۆبونەوەكەمان ئەرێنی بووەو لەگەڵ بەغداد هاوڕاین لەسەر چارەسەكردنی كێشە داراییەكان دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت".
هەروەها هاتووشە " کۆبونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستور".
لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە " لەکۆبونەوەکە پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنوریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەردولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە".
وەزارەتی دارایی ئاشکرا دەکات سبەی دوو شەممە بڕیارە کۆبوەنەوەکان درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.