ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەوە ئاشکرای کرد، "ئەو مووچەی کە دابەشکرا لە بنەڕەتتدا هی مانگی ٨ بوو نەک مانگی ٧”.
ئەمڕۆ دووشەممە،٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق لە بنەڕەتتدا مووچەی مانگی ٨ی خەرجکردووە، بەڵام لە هەرێم بۆ مووچەی مانگی ٧ دابەشکرا، چونکە بەغدا کۆمەڵێک تێبینی لەسەر لیستی مووچەی مانگی ٧ هەبووە و داوایانکردووە هەرێم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات."
نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد عێراق پێی وایە لەنێوان مانگەکانی (١ بۆ ٦) پارەیەکی زیاتر بە بڕی ٥٩٥ ملیار دینار بۆ هەرێم خەرجکراوە، هەر بۆیە تا ئێستا مووچەی مانگی ٧ خەرج نەکراوە.
نەرمین مەعروف لەبارەی هاتنی شاندی ئابووری عێراق بۆ هەرێم وتیشی" هاتنی شاندەکە ئەرینییە و کاریگەری لەسەر لێنزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان هەیە، بۆئەوەی ئەو تێڕوانینی خۆیان لەبارەی ئەو کێشانەی کە ماوە بخەنەڕوو".
ڕاشیگەیاند" بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، دەبێت لەم ماوەیەکی نزیکدا لەسەر مووچەی مانگی ٧ بگەنە ڕێککەوتن، هاتنی شاندەکەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان کە لەسەر لیستەکان هەیە و بووەتە هۆی لێبڕین و دواکەوتنی مووچە".