ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنى خولى سێیەمى دەستەى سەرۆکایەتى جڤاتى گشتى بەڕێوەچوو کە تێیدا سەرۆک و جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتى هەڵبژێردران.
میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان، کەمێک پێش ئێستا لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ لە ژێر رۆشنایی راسپاردە و بڕیارەکانى دووهەمین کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان و دواى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتمانى، پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى سێیەمى دەستەى سەرۆکایەتى جڤاتى گشتى بە ئامادەبوونى زۆرینەى رەهاى ئەندامەکانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرپەرشتى ژوورى هەڵبژاردن و یاسایی لە مەکۆى سەرەکى، بەڕێوەچوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە جەلال مستەفا محمد (لیوا جەلال) بە سەرۆک، جەعفەر عوسمان خەیات بە جێگرى سەرۆک و عەتا مەحمود محمد (عەتا هەوڵویی) بە سکرتێرى جڤاتى گشتى هەڵبژێردران.