سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی سایینقەڵا لە بەندیخانەی ناوەندی میاندواو جێبەجێکرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دووشەممە فەیزوڵڵا حسێن پوور، باوکی سێ منداڵ، خەڵکی گوندی چراخەواڵ سەر بە شاری سایین قەڵا و دانیشتووی بۆکان، لە بەندیخانەی ناوەندی میاندواو جێبەجێکرا.
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوو، دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، هەروەها ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبوو.