تەرمی نارین گۆران ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە و ٢٤ کەسیش دەستگیرکران

دوای ١٩ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی نارین گۆرانی تەمەن هەشت ساڵان لە ئامەدی باکووری کوردستان دۆزرایەوە و دواتر تەرمەکەی ڕادەستی خێزاکەی کرایەوە، لەسەر ئەو کەیسەش تائێستا ٢٤ کەس دەستگیرکراون. 

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە" دوای ١٩ رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی، تەرمى کچێکی کوردی ئامەدی باکوری کوردستان کە تەمەنی هەشت ساڵانە و ناوی نارین گۆرانە لە نێو تورەکەیەکدا لە قه‌راغى ئاوێکدا دۆزرایەوە". 

هەواڵی کوژرانی نارینی تەمەن هەشت ساڵان دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تورکیا دروستکردووە و بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەو وڵاتەش تائێستا ٢٤ گومانلێکراو لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکراون کە لە نێویدا باوک، برا، مام و ئامۆزای نارین هەن. 

هەروەها سەرۆکی داواکاری گشتی دیاربەکریش ئاماژە بەوەدەکات کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی نارین گۆران بەردەوامە. 

میدیاکانی تورکیا ئەوەشیان خستەڕوو، دوابەدوای پشکنینی تەرمەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادوەری دیاربەکر، تەرمی نارین ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و ئەمڕۆش پرسەکەی لە گەڕەکی تاڤشانتێپە بەڕێوەچوو. 

نارین گۆران کچێکی کوردی دانیشتوی شاری ئامەدی باکوری کوردستان بوو، ١٩ ڕۆژ پێش ئێستا پاش گەڕانەوەی لە کۆرسی قورئان خوێندن بێسەروشوێن ببوو. 



PM:10:01:09/09/2024