وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" وەزیری دارایی عێراق داوایکردووە لیستی مووچەی مانگی (ئاب و ئەیلولی) فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکەن، تا پارەی تەرخانكراو بەپێی ئەو میكانیزمەی دانراوە بنێرن".
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" لە كۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم و عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دوایکردووە لیستی مووچەی مانگی (٨ و ٩) ڕەوانە بکەن و پارەكەی خەرج دەكات".
وتیشی" حكومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی (٧ و ٨) بڕی ترلیۆنێك و ١٨١ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە، لە کاتێکدا بۆ هاوتاكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران مانگانە پێویستمان بە ترلیۆنێك و ١٠٠ ملیار دینارە".
هەورامی ڕاشیگەیاند" هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندی عێراق جەختی كردەوە كە دەبێت تەوتینی مووچە تاوەكو كۆتایی ساڵ جێبەجێبكرێت، تاوەکو پێویست بە لیستی مووچەی مانگانە نەکات و ڕاستەوخۆش ئەو بانكانە تەمویل دەكرێت كە تەوتینی مووچەیان كردووە و هەموو مانگێك پێویستیان بە وردبینی نابێت".
سەمیر هەورامی جەختیشیكردەوە، لە ئێستادا دەستیان بە تۆماركردنی ئەوانە كردووە كە بایۆمەتریان نییە و كێشەی ناوی دووبارە و دوو مووچە زۆر نییە و چارەسەر دەكرێت.