نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایدەگەیەنێت" مەسعود پزشکیان سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات".
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود پزشکیان بۆ عێراق دەڵێت" هەفتەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ئاگادارکراینەوە کە سەرۆک کۆماری ئێران بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی عێراق بکات".
ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ چوارشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سەردانی عێراق دەکات.
نازم دەباغ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم سەفەرەشدا پزشکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات لە بەغداد کۆدەبێتەوە و چەند بەڵگەنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکات.
نوێنەرەکەی هەرێم لە تاران باسی لەوەشکردووە، بڕیارە پزشکیان لەم سەردانەیدا بچێتە هەولێری پایتەختی هەرێم و لەگەڵ هەندێک بەرپرسی باڵای ئەو هەرێمە کۆدەبێتەوە.