وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، داواكارییەك ئاراستەی ئەنجومەنی ئابوری عێراق دەكات لەبارەی موچەی خاوەنپێداویستی تایبەت و چاودێری كۆمەڵایەتی، داوای خەرجكردنی موچەی ئەو توێژانە دەكات تازە ناوەكانیان تۆمار كراوە.
كوێستان محەمەد، لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی ئابوری عێراقی کردوە، داوای ڕەزامەندی بەغداد دەكات لەسەر خەرجكردنی موچەی ١٣ هەزار و ١٢١ خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ كە بەم دواییە ناوەكانیان تۆماركراوە و لیستی ناوەكانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەكردوە، نزیكەی ١٧ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە ناویان تۆمارنەكراوە، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق دەكەن ناویان تۆماربكرێت بۆئەوەی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە هاوشێوەی هاوتاكانیان لە عێراق.
كوێستان محەمەد، داوای جێبەجێكردنی یاسای چاودێری كۆمەڵایەتی ژمارەی ١١ی ساڵی ٢٠١٤دەكات لەهەرێمی كوردستان بۆئەوەی هەمو ئەو توێژانەی یاساكە دەیانگرێتەوە، موچە و هاوكارییەكان بیانگرێتەوە.