وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:نرخی بەنزین دابەزیوە و چاوەڕوانی دابەزینی زیاتری نرخەکەشی دەکەن

پاش ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینی دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین ٤٠-٥٠ دینار دابەزیوە و چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتر دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئەیلوول لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە لە فەرمانێکی وەزاریدا ڕێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەرکرد و ڕۆژانە ئەو بەنزینەی دێت ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت.

وەزارەتەکە ڕشیگەیاند، پاش  مۆڵەت دراوەتە بازرگانان بۆ هاوەردەی بەنزین، نرخی هەر لیترێکی بەنزین ٤٠-٥٠ دینار دابەزیوە و چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتر دەکرێت.

دەربارەی کوالێتی بەنزینی هاوردەکراویش وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەنزینی هاوردەکراو پێویستە بەپێی ئەو کوالێتییەی بێت، کە لە لایەن لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە مانگی ڕابردوودا بە چەند جارێكی نرخی بەنزین زیاتر لە ١٠٠ دینار بەرزبووەوە و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بوو بە ٩٢٥ دینار و موحەسەن بە ١١٥٠ دینار و سوپەر بوو بە ١٢٥٠ دینار.




PM:08:27:10/09/2024